یەکێتی ئەوروپا تا 6 مانگی داهاتوو له‌سه‌دا 90ی هاوردەی نەوتی رووسیا رادەگرێت
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا لە لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی یه‌كێتییه‌كه رێککەوتن لەسەر سەپاندنی پاکێجی شەشەمی سزاکان بەسەر رووسیادا، جیا لەوەش تا شەش مانگی داهاتوو به‌ڕێژه‌ی 90%ی هاوردەی نەوتی رووسیا بۆ وڵاتەکانیان رادەگرن.
تاكە وڵات کە دەتوانێت نەوت لە رووسیا وەربگرێت، وڵاتی هه‌نگاریایه، هەرچەندە ئه‌و وڵاته لە بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانە و سەرۆك وەزیرانی ئه‌و وڵاته پێیوایە، ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەوروپا به‌بێ پلان و پێشوەختە دراوە و زیان بە ئابووری ئەوروپا بەگشتی و هەنگاریا بەتایبەتی دەگەێنێت.
له‌وباره‌یه‌وه ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلا‌ین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا گوتی: گفتوگۆمان کردووە بزانین چۆن رێگەیەك بۆ هێنانی ئەو 22 ملیۆن تۆن گەنمەی ئۆکرانیا بدۆزینەوە، كه به گوته‌ی خۆیان له‌لایه‌ن رووسیاوه رێگه‌ی گگه‌یشتنی لێ گیراوه. له‌كاتێكدا رووسیا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئۆكرانیا هۆكاره بۆ داخستنی رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نمه و له‌و باره‌یه‌وه سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا دووپاتیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئۆكرانیا ئه‌و بۆمبه ده‌ریاییانه هه‌ڵگرێته‌وه كه له‌ناو ده‌ریای ره‌ش له‌به‌رده‌م ره‌وتی ده‌ریاوانی دایناون، رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نمه ده‌كه‌نه‌وه.
یەکێتی ئەوروپا رووسیا بە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی ئاسایشی خۆراك لە جیهان تۆمەتبار کرد و پێیوایە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، وزە و دانەوێڵە وەک کارتێکی سیاسی لەدژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت.
H.B