ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی خۆی له‌ نیازی توركیا بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ باكووری سووریا راگه‌یاند

داوا له‌ توركیا ده‌كات، رێز له‌ ئاگربه‌ست بگرێت
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا

K24- هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا نیگه‌رانی خۆی لە زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا راگه‌یاند و داوای كرد، ئاگربەست نەشکێندرێت.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پلانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دیکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گوتی: نیگەرانین لە زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا و پشتیوانی لە مانەوە و پاراستنی ئاگربەست دەکەین.

ئەم هەڵوێستەی ئەمه‌ریکا جەختکردنەوەیە لە راگەیه‌ندراوی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوان جەیك سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا و ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کە سولیڤان داوای لە تورکیا کردبوو، له‌ تێکدانی دۆخی سووریا دوور بکەوێتەوە رێز لە ئاگربەست بگرێت.

هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە ئاینده‌یه‌كی نزیکدا دەست بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دیکە دەکەن بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لە باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە تویتێکدا نووسیویەتی: ئەم مانگە لە 3 کۆبوونەوەدا باسی دۆخی سووریامان کردووە. سەرەتای ئەم مانگەش لە برۆکسل پاکێجێکی هاوکاری مرۆیی 800 ملیۆن دۆلاریمان بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی سووریا راگەیاندووە.

H.B