کەشناسی: بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی

پلەی گەرما لە چوار تا شەش پلە بەرزدەبێتەوە
گەرما لە عێراق
گەرما لە عێراق

K24 - هەولێر

شەپۆلێکی گەرما عێراق دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما بگاتە 50 پلەی سیلیزی.

دەستەی کەشناستی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پێشبینییەکانی بۆ سێ رۆژی داهاتووی کەشوهەوا بڵاوکردەوە و ئاماژەیداوە، لە سبەی پێنجشەممەوە ئاسمانی تەواوی عێراق ساماڵ دەبێ و پلەکانی گەرماش بەرزدەبێتەوە.

هەروەها کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات، بەهۆی کاریگەریی شەپۆلە هەوایەکی گەرم و تاڕادەیەک شێدار پلەکانی گەرما لە رۆژانی پێجشەممە و هەینی و شەممە، بە جیاوازی ناوچەکان لە چوار پلە تاوەکو شەش پلەی سیلیزی بەرزببێتەوە.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی، لە هەندێک شوێنی باشووری عێراق پلەکانی گەرما بۆ 50 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، کە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و پلەی گەرما بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆییەوە دەبینێت.