سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان ده‌كات

"جه‌ختی له‌ پێويستيى كارى هاوبه‌ش و ‏پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان ته‌واوى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان كرده‌وه"
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/6/1، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، ‏سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، له‌ يادى چل و حه‌وت ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ‏يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستاندا، پيرۆزبايى له‌ خۆی و له‌ سه‌ركرايه‌تى و ‏ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌رى يه‌كێتى كرد. ‏

نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ئاما‌ژه‌دان به‌ رۆڵى كاريگه‌رى يه‌كێتيى نيشتمانيى ‏كوردستان و مام جه‌لال له‌ بزاڤى رزگاريخوازيى كوردستاندا، هه‌موو ئه‌و ‏تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه‌ى به‌ بير هێنايه‌وه‌، كه‌ له‌پێناو ئازاديى كوردستان و ‏له‌ ریزه‌كانى يه‌كێتيدا، خه‌باتيان كردووه‌ و قوربانييان داوه. ‏

هه‌ر له‌م ياده‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختى له‌ پێويستيى كارى هاوبه‌ش و ‏پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان ته‌واوى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان كرده‌وه‌ ‏له‌پێناو پاراستنى فيدرالى و قه‌واره‌ى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و مافه‌ ‏ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستاندا. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ رۆڵى يه‌كێتيى نيشتمانيى ‏كوردستانى به‌ گرنگ و كاريگه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏

لاى خۆيه‌وه‌ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، ‏سوپاس و پێزانينى خۆى و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانیی بۆ پيرۆزبايى و ‏په‌يوه‌نديى سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ربڕى و هه‌وڵه‌كانى نێچيرڤان بارزانى له‌پێناو ‏يه‌كڕيزى و كۆكردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كاندا، به‌رز نرخاند.‏

H.B