بلینكن: هێرشی توركیا ناوچه‌كه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، دژایه‌تی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌ر هێرشێكی سوپای توركیا بۆ سه‌ر سووریا ده‌ربڕی.
ئه‌نتۆنی بلینكن، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی: هه‌ر هێرشێكی نوێی توركیا بۆ سه‌ر سووریا ده‌بێته هۆی "له‌باربردنی سه‌قامگیری هه‌رێمایه‌تی".
بلینكن هۆشداری دایه توركیای هاوپه‌یمانی له هه‌ر جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌ره‌و باكووری سووریا و رایگه‌یاند، هێرشی سه‌ربازی ناوچه‌كه رووبه‌ڕووی مه‌ترسیی ده‌كاته‌وه.
ئه‌و له‌گه‌ڵ یێنس ستۆلتنبێرگ، سكرتێری گشتیی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) قسه‌ی كرد و ئه‌وه‌شی وت: نیگه‌رانی گه‌وره‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه، هێرشی نوێ ناوچه‌كه رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌كاته‌وه و سه‌قامگیری هه‌رێمایه‌تی له‌ناو ده‌بات و ده‌رفه‌تیش ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ كاره‌كته‌ره پیسه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه بقۆزنه‌وه.
ئه‌م قسانه‌ی بلینكن، دوای ئه‌وه دێن، ئه‌مڕۆ، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند،خه‌ریكه وڵاته‌كه‌ی پێ ده‌نێته قۆناغێكی نوێ له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام به قووڵایی 30 كیلۆمه‌تر له باكووری سووریا (رۆژئاوای كوردستان) و گوتی: ئه‌مه‌ش بۆ "پاككردنه‌وه‌ی هه‌ردوو ناوچه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ت و منبجه له تیرۆریستان".
ئه‌ردۆغان له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی كوتله‌ی حزبه‌كه‌ی "ئاكپارتی" له په‌رله‌مانی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌وانه‌ی له ژێر ناو و پاساوی جیاجیا هه‌وڵ ده‌ده‌ن شه‌رعیه‌ت بۆ په‌كه‌كه دروست بكه‌ن، فێڵ له هیچ كه‌سێك ناكه‌ن ته‌نها له‌خۆیان نه‌بێت".
هه‌روها گوتی: "ئه‌و لایه‌نانه‌ی بێ به‌رامبه‌ر چه‌ك به تیرۆریستان ده‌ده‌ن و به پاره‌ش به توركیا نایفرۆشن، شایه‌نی ئه‌وه‌یه به ده‌وڵه‌تی تیرۆرستان ناویان ببرێت، نه‌ك ده‌وڵه‌تی یاسا"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكا، كه به‌هۆی ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی ئه‌نقه‌ره له سیسته‌می "ئێس-400"ی رووسی، له پێدانی فڕۆكه‌ی "ئێف-16" به ئه‌نقه‌ره پاشگه‌ز بووه‌وه".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكی توركیا دووپاتیكرده‌وه، هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌منییه، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی له رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان بكات. ئه‌م گوته‌ی ئه‌ردۆغانیش وه‌ك وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌كه بۆ هه‌وڵه‌كانی هه‌ریه‌ك له سوید فینله‌ندا بۆ بوونه ئه‌ندام له ناتۆ، له‌كاتێكدا توركیا به‌رهه‌ڵستی ئه‌و هه‌وڵه‌یان ده‌كات و به‌رده‌وام جه‌خت ده‌كاته‌وه، تا ئه‌ندام و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه له وڵاته‌كانیان راده‌ستی توركیا نه‌كه‌نه‌وه، رێگه‌ی به ئه‌ندامبوونیان له هاوپه‌یمانێتییه‌كه نادات.
به‌ر له چه‌ند رۆژێكیش، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له وڵاتی ئازه‌ربایجان، ئه‌ردۆغان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ناو فڕۆكه گوتی: تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و سه‌رۆكی توركیا بێت، رێگه به ئه‌ندامبوونی سوید و فینله‌ندا له ناتۆ نادات.