هۆڵەندا ژنە چەکدارێكی داعش بە 3 ساڵ و نیو بەندی سزا دەدات
K24- ههولێر:
بۆ یەکەمجار هۆڵەندا ژنە چەکدارێكی داعش لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەباتەوە وڵاتەکەی و بە 3 ساڵ و نیو بەندی سزا دەدات.
ئیلهام، تەمەن 28 ساڵ، هاووڵاتییهكی هۆڵەندیە، ساڵی 2013 لەگەڵ هاوسهرهكهی چوونە ناو جەبهەتولنوسرە و دواتریش چوونە ناو داعش، ساڵی رابردوو لە کەمپی ئەلڕۆژ لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندرایهوه هۆڵەندا.
دادگای رۆتهردام لهمبارهیهوه رایگەیاند، ئیلهام ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە و ئامادەکاری بۆ چەندین تاوان کردووە و بە 42 مانگ بەندی سزادراوە.
داواکاری گشتی هۆڵەندا لهمبارهیهوه رایگهیاند، ئیلهام لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان پڕوپاگەندەی بۆ داعش کردووە و لە سووریاش چەکی هەڵگرتووە.
پێچەوانەی ئەوە ئیلهام رایگهیاند، ئەو لهوه ئاگادار نەبووە بۆچی چووەتە سووریا و لهوێشهوه بهرهو ریزهكانی داعش، گوتی: "هەڵخەڵتێنراوم".
دادگا پاساوەکانی ئیلهامی رەتکردوونەتەوە و ئاماژه بهوه دهكات، پێشتر لەگەڵ پیاوەکەی قسەی کردووە و زانیویەتی بۆ کوێ دەچێت.
ئیلهام له ئەیلوولی 2013 شاری گوودای لە هۆڵەندا بەرەو تورکیا و لەوێشەوە بۆ سووریا بەجێهێشتووە.
ساڵی 2017 لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیر کراوە، حوزەیرانی 2021 لە کەمپی ئەلرۆژەوە بۆ عێراق و لەوێشەوە بۆ هۆڵەندا گەڕێندراوەتەوە.
300 هاووڵاتی هۆڵەندی چوونەتە ناو داعش، تا ئێستا 120 کەسیان لە بەندیخانەکانی رۆژئاوا و عێراق و تورکیا و نەگەرێندراونەتەوە.