هەسەدە 50 چەکداری داعش رادەستی عێراق دەکاتەوە

دەزگای هەواڵگری فیدراڵی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) 50 چەکداری داعشی بە رەگەز عێراقی رادەستدەکەنەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، 50 ئەندامی رێکخراوی داعش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات رادەستی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق کرایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دەروازەی سنووری رەبیعەوە داعشە دەستگیرکراوەکان وەرگیراونەتەوە، کە سەرجەمیان بە رەگەز عێراقین، دوای وەرگیرانەوەشیان بۆ لێکۆڵینەوە و دانپێدانان رادەستی دەزگای هەواڵگری فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کراون.

ساڵی رابردووش هەر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات، نزیکەی 100 چەکداری دیکەی داعش رادەستی حکومەتی عێراق کرانەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازیش ئاشکرایکردووە، هێشتا نزیکەی 3500 دەستگیرکراوی عێراق لە گرتووخانەکانی ژێر دەستی هەسەدە ماون.