رێژەی مردن بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بووەتە سفر

وەزارەتی تەندروستی: زیاتر لە مانگێکە هیچ حاڵەتێکی مردن بە کۆرۆنا تۆمار نەکراوە

K24 – هەولێر

وەزیری تەندروستی ئاشکرای دەکات، زیاتر لە مانگێکە هیچ حاڵەتێکی  مردن بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و رێژەکە بووەتە %0.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "رێژەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا COVID19  لە هەرێمی كوردستان بووەتە (سفر 0%). زیاتر لە مانگێكە هیچ حاڵەتێكی مردن بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە".

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشداوە: "هەرێمی كوردستان، لە ئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكان و نموونەی سەركەوتوو بووە لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. پاڵپشتی و خەمخۆری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندارەكان فاكتەری سەرەكی سەركەوتن بوو بەسەر نەخۆشی كۆرۆنا".

راشیگەیاند: "دەستخۆشی لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەكەین، كە خۆنەویستانە و بە روحی گيانفیدایی لە ریزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە بوون".