نرخی نەوت دابەزی

سعوودیە ئاستی بەرهەمهێنان بەرزدەکاتەوە

K24 - هەولێر

دوای ئەوە دەنگۆکان بەوەی سعوودیە ئاستی بەرهەمهێنان بەرزدەکاتەوە، ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا دابەزی، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا سێ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 2.4% بۆ 113.53 دۆلار دابەزی. نرخ بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی 2.9% بۆ 112.37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

‌هەردووجۆر نەوتی خاو بە درێژایی ئەم هەفتەیە بەهۆی گوشارەکان بۆ سەر هەناردەی نەوتی رووسیا بەرزبوونەوە، کە هۆکارەکەی سەپاندنی سزاکانی ئەوروپا و ئەمەریکایە بەسەر مۆسکۆ، دوای ئەوەی هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند.

هۆکاری سەرەکی ئەو دابەزینە بەرچاوەش دوای ئەوە دێت، چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزیان راگەیاندووە، سعوودیە ئامادەیی دەربڕیوە کە ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکاتەوە، ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنانی رووسیا بەهۆی سەپاندنی سزاکانەوە دابەزێت.

سەرەڕای ئەوە چەند سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس ئاشکرایان کردووە، پێشبینی دەکەن هاوپەیمانییەتییەکەیان پابەند بێت بە سیاسەتەکەی و هەناردەی نەوت بەرزنەکاتەوە.