لەسەر رەزامەندی سەرۆکی حکومەت منداڵانی ئۆتیزم بەبێ بەرامبەر پشکنین و چارەسەریان بۆ دەکرێت

وەزارەتی تەندروستی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ئەم مەبەستە ڕاسپێردراون
تووشبوێكی ئۆتیزم / هه‌ولێر
تووشبوێكی ئۆتیزم / هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 2ـی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەرکردنی منداڵانی ئۆتیزم بەبێ بەرامبەر.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سۆنگەی بەرپرسیارەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ منداڵانی ئۆتیزم، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خانەوادەکانیان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان،ڕەزامەندی دا لەسەر ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەرکردنی منداڵانی ئۆتیزم لەسەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان بەبێ بەرامبەر.

ئاماژە بەوەش دراوە، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپێردراون کە بە ھەماھەنگی کاری پێویست ئەنجام بدەن، تا گشت منداڵانی ئۆتیزم بەبێ بەرامبەر لە خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان سوودمەندبن.