سهندیكای رۆژنامهنووسانی كوردستان و تونس رێككهوتنی كاری هاوبهشیان واژوو كرد

K24 – ههولێر:
هەردوو سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی تونس، رێككەوتنامەی كاری هاوبەشیان ئیمزاكرد، ئەم هەنگاوە، لەداهاتوودا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.
لەپەراوێزی 31ـەمین كۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی IFJ و دوای دوو رۆژ گفتگۆی شاندی هەردوو سەندیكا، لەبارەی كاری هاوبەشو گۆڕینەوەی شارەزاییو چۆنیەتی هاوكاریكردنی یەكتری، شاندی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی تونس كەبەشداری لەكۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان دەكەن، گەیشتنە بنەمایەكی هاوبەشو بەڵگەنامەی لێكگەیشتنو كاری هاوبەشیان ئیمزاكرد.
رێككەتنامە، لەسەر بنەمای سێ خاڵی سەرەكی نووسراوە، كەبریتیە لە هەماهەنگیو هاوكاری هاوبەش لەدۆسیەكانی پەیوەست بە كەرتی رۆژنامەگەری و ئازادییەكان و گۆڕینەوەی شارەزایی و پشتگریكردنی باشتركردنی كاری رۆژنامەگەری و بنەما یاساییەكانی پەیوەست بە پیشەی رۆژنامەگەری و چاودێریكردنی سەلامەتی پیشەیی و رۆژنامەنووسان بەهەردوو رەگەز و چۆنیەتی پاراستنی كۆمەڵگە لە هەواڵی درۆ و ناڕاست و پشتگیریكردنی مافەكانی مرۆڤ، بەپشت بەستن بەمیكانزمێكی كار لەرێگەی ئامادەكردنی پرۆژەو چالاكی هاوبەش.
پرۆسەی بەڵگەنامەی كاری هاوبەش لەلایەن هەردوو نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان و رۆژنامەنووسانی تونس لەناو هۆڵی كۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی ئیمزاكرا.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەیاسای ژمارە 4ی ساڵی 1998 ی هەمواركراو بەژمارە 40ی ساڵی 2004 دامەزراوە و رۆژنامەنووسانی تونسیش ، وەكو رێكخراوێكی پیشەی لەساڵی 1969 دامەزراوەو دواتر لە لەساڵی 2008 خۆی گۆڕیوە بۆپەیكەری سەندیكایی و یەكێكە لەسەندیكا چاڵاكەكانی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا و باكووری ئەفریقا ، هەردوو سەندیكای كوردستان و تونس، ئەندامی كارای فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتین.
