دیندار  زێباری: پێشوازی لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا دەكەین سەبارەت بە ئازادییە ئایینییەكان

"لە کاتی قەیران و ململانێیەکانی عێراق و ناوچەکە، ھەرێمی کوردستان هەمیشە بووه‌تە پەناگەی ئارامی بۆ گشت پێکهاتەکان"
دیندار زیباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
دیندار زیباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ئازادییە ئایینییەكان لە ساڵی 2021 بڵاوكردەوە، کە باس لە رەوشی پێكهاتە ئاینییەكان دەكات لەسەرتاسەری جیهان و لەم  رووەوە هەڵوێستی خۆی دەخاتەروو. راپۆرتەكە ستایشی پێکەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی کوردستان دەكات و ئاماژە بەوەش دەکات لە هەرێم ئازادی ئایینی بەپێی یاسا بۆ پێکهاتە ئایینییەکان فەراهەم کراوە.

لە بارەی راپۆرتەکە، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم پێشوازی لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا دەكات، ناوەڕۆکی راپۆرتەکە سەبارەت بە هەرێم دەرەنجامی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێم، چونکە لە کاتی قەیران و ململانێیەکانی عێراق و ناوچەکە، ھەرێمی کوردستان هەمیشە بووه‌تە پەناگەی ئارامی بۆ گشت پێکهاتەکان.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو، سەردانی ساڵی رابردووی قەداسەتی پاپای فاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشكەش كردنی قوداسێک لە شاری هەولێر رەنگدانەوەی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی كوردستانە.

سەبارەت بە مافە سیاسییەكانی پێكهاتەكان رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتی: لە دوای ساڵی 2005 لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (١١) ی بۆ پێكهاتەكان تەرخان كرا، پێنج كورسی بۆ تورکمانەکان و پێنجیان بۆ کلدان،  ئاشووری و سریانییەکان و کورسییەک بۆ ئەرمەنییەکان تەرخانکراوە و سكرتێری پەرلەمانیش لە پێكهاتەی توركمانە، هەروەها لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو لە وەزیرەكان لە پێكهاتەكانی كریستیان و توركمانن.

رێکخەری راسپاردە نێوەوڵەتییەکان ئاماژەی بە  پاراستنی  مافی پێكهاتەكان بەپێی یاسای کرد و گوتیشی: چەندین یاسای گرنگ لە بەرژەوەندی پێكهاتە ئایینییەكان لە هەرێمی كوردستان دەرچووە كە لە ناوچەكە بێ وێنەن، وەک یاسای پاراستنی پێكهاتەكان ژمارە (5)ی ساڵی 2015، یاسای ژمارە (47)ی ساڵی 1992 تایبەت بە پشووی فەرمی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێم، یاسای (زمانە فەرمییەکان) ژمارە 6 لە ساڵی 2014، گۆڕینی ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی، هەروەها لە ساڵی 2009 وەزارەتی ئەوقاف ئایینی رێنمایی تایبەتی بۆ دروستكردنی كەنیسەی نوێ دەركرد، بەپێی ئەم رێنماییە هەر گروپێكی ئایینی كریستیان مافی خۆیەتی، بەبێ جیاوازی داواكاری بۆ دروستكردنی كەنیسەی نوێ پێشكەش بكات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجانەی لەو رێنماییانەدا هاتووە.

زێباری تیشكی خستە سەر ئاسایی كردنەوەی رەوشی  شنگال و دەوروبەری و لەم بارەوە روونیكرده‌وه‌، لە دوای هێرشەكانی داعش  پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان رووبەڕووی زوڵم و ستەمێكی بێ وێنە بوونەوە، لەم نێوەدەدا خەڵكی شنگال و دەوروبەری پشكی شێریان لەو قوربانیە بەركەوت لە كوشتن و بڕین و تێكدانی ماڵ و موڵك و رفاندن. لە كاتی ئازادكردنی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش، نزیكەی (1800) پێشمەرگە شەهیدبوون و (10) هه‌زار (369) پێشمەرگە برینداربوون و (47) پێشمه‌رگه‌ش بێسەروشوێن بوون.

روونیشكرده‌وه‌، بۆ ئاسایی کردنەوەی شنگال  رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان واژوو کراوە، بەڵام بە هۆی نەگەڕانەوەی هیزە شەرعییەكان و بوونی هێزی نایاسایی و دەرەكی رەوشی ناوچەکە ئاسایی نەکراوەتەوە، سەرەڕای داواكاری خەڵكی ناوچەكە و نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ئاسایی نەبوونەوەی رەوشی شنگال و دەوروبەری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاشكرایكرد، بوونی هێزی چەكداری دەرەكی لەو ناوچەیە رێگای خۆشكردووە بۆ هێرش ئاسمانی و دەستێوەردانی دەرەكی، هەروەها بۆشاییەكی ئەمنی فراوان درووستبوو و بووه‌تە هۆكاری ئەوەی تیرۆرستان دۆخه‌كه‌ بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی.

دینداری زێباری راشیگه‌یاند، لە ساڵی 2021  تیرۆریستان  (257) هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاوازە ئازادکراوەکان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا 387 شەهید و 518 بریندار و 37 بێسەروشوێنی لێكەوتووه‌تەوە.   

زێباری ئاماژەی بە دیكیۆمێنتكردنی بەڵگەی تاوانەكانی داعش کرد و گوتی: بۆ دۆكیۆمێنتكردن تاوانەكانی داعش دژی پێكهاتە جیاوازەكان حكومەتی هه‌رێم (5170) دۆسیەی تۆمارکردووە، كه‌ (2324) دۆسیە لە دادگاکان تەواوکراوە و (2) هه‌زار تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها (2916) دۆسیەی بێسەروشوێنكراوان تۆمارکراوە و (73) هه‌زار و (912) لاپەڕەی بۆ ئەو تاوانانە ئەرشیف کراوە، لیژنەیەکی باڵای وەزاری پێکهێنراوە بۆ پێناسەکردنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جینۆساید.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان  تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی باسی له‌وه‌ كرد، حکومەتی هەرێم هەوڵی بێوچانی دا بۆ رزگارکردنی رفێنراون، دوای ئازادکردنیان پێداویستییەکانیان دابین دەکات، لەم رووەوە  تا 22/2/2022  لەلایەن حکومەتی هەرێم (3552) رفێندراو رزگار کراون، لەوانە (1207) ئافرەت، (339) پیاوان، (1050) کچ، (956) کوڕ، هەروەها بەپێی رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە (1000) رزگاربوو رەوانەی ئەڵمانیا كراون بۆ چارەسەركردن، بەتایبەت لەلایەنی دەروونییەوە.