روونکردنەوەیەك لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەبارەت بە نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل

"حکومەتی فیدراڵ پلێتی تابلۆی کۆنی نەماوە و ئەو بڕە 50 هەزار دینارە لە بەرامبەر کاغەزێکی ئەی فۆڕە و شوفێر ناچارە لە جامی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بدات"
وەرگرتنی تابلۆی نوێ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هاتووچۆی دهۆك، فۆتۆ: ستار ئه‌حمه‌د (كوردستان24)
وەرگرتنی تابلۆی نوێ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هاتووچۆی دهۆك، فۆتۆ: ستار ئه‌حمه‌د (كوردستان24)

K24 - هەولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نرخی تابلۆی نوێ بۆ ئەو کەسانەی بە نۆرەی خۆیان و لەکاتی تەواوبوونی ساڵانەکەیان وەریدەگرن، 75 هەزار دینارە.  

لە روونکردنەوەکەی فەرمانەگەی میدیا و زانیاریدا  ئاماژە بەوە درا، ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل گوایە لە حکومەتی فیدراڵ بە 50 هەزار دینارە و لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە 120 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیان، دوورە لە راستیەوە و بەوجۆرە نییە کە باس دەکرێت.

فەرمانەگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەش کرد، بە ڕێکەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیاردراوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ستانداردێکی نوێ و یەکگرتوو لەسەر ئاستی هەموو عێراق دروست بکرێتەوە.

لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش خرایەڕوو کە بەشێکی ئەم پرۆسەیە لابردنی ناوی شارەکانە و لە بری شارەکان کۆد بۆ هەر شارێک داندراوە و دەستەواژەی (KR) کە کورتکراوەی (Kurdistan Region- هەرێمی کوردستان)ە بۆ یەکەم جار دەخرێتە سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە خۆی دەستکەوتێکی گرنگە و هاوتەریبە لەگەڵ پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان. لە پاڵ ئەمەشدا چەند جۆرێک کۆدی ئاسایشی و پارێزگاری لە ساختەکردن خراوەتە ناو ئەو تابلۆیە و لە کۆمپانیایەکی ناوداری ئەڵمانییەوە دیزاین و چاپ دەکرێت. بە هۆی ئامادەکاری خێرای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا پرۆسەکە تەنیا لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و دیار نیە بەغدا پێویستی بە چەند کاتی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو سیستمە تەواو بکات. واتا پێویستە هاووڵاتیان بزانن کە لە بنەڕەتدا لە بەغدا جارێ ئەو تابلۆیە و ئەو سیستمە نەخراوەتە کار تا بەراوردی نرخ بکرێت.

لەبارەی نرخی تابلۆکان، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتەی ڕێکخستووە بە ڕێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2022 کە بە (ڕێنمایی دیاریکردنی شێواز و قەبارە و رەنگ و ناوەڕۆکی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان) ناسراوە و لە ژمارە 82ی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی کوردستان لە 28ی نیسانی 2022 بڵاوکراوەتەوە. بە گوێرەی ئەحکامە داراییەکانی ئەو رێنماییە کە لە ماددەی 11 روونکراوەتەوە، نرخی جوتێک تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێل تەنها (60 هەزار دینارە) و لە پاڵیدا رسوماتی دیکەی وەکو (5 هەزار دینار بۆ لێدانی برغو و سیکیوریتی تابلۆکان ) و ( 10 هەزار دیناریش رسوماتی پرۆسەکەیە) وەردەگیرێت. واتا کۆی گشتی کڕین و لێدانی دوو تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل (تەنیا 75 حەفتا و پێنج هەزار دینارە).

فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتیشی: لەبارەی بڕی 120 هەزار دینار، کە بە چەواشەکاری باس کراوە و بەراوردکاری پێ کراوە، ئەمەشیان لە خاڵی پێنجەم لە ماددەی 11 ی ڕێنمایی سەرەوە ڕوونکراوەتەوە. ئەو کەسانەی پەلەیانە تابلۆی نوێ وەربگرن و نایانەوێت چاوەڕێ بکەن تا ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیان بەسەر دەچێت، دەبێت دوو بەرامبەر کە دەکاتە (120هەزار دینار) بۆ جووتێک تابلۆ بدەن و رسوماتی دیکەی بورغو و پێشکەشکردنی پرۆسەکە کە (15 هەزارە) بدەن. بۆیە لە ڕاستیدا بۆ ئەوانەی بە نۆرەی خۆیان تابلۆ وەردەگرن نرخی کۆی پرۆسەکە (75 هەزار دینارە).

ئایا لە بەغدا 50 هەزار بۆ تابلۆ وەردەگیرێت؟

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای کرد، کە تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ دەستی بە پرۆسەی جێبەجێکردنی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نەکردووە تا بڕی پارەکە دیار بێت، بەڵکو ئەوەی ئێستا هەیە سیستەمی کۆنە و نرخی تابلۆی کۆن 50 هەزار دینارە و جاران لێرەش هەمان نرخ بوو.

ئاماژە بەوەش درا، ئەوەش پێویستە بگوترێت کە لە ئێستادا حکومەتی فیدراڵ پلێتی تابلۆی کۆنیشی نەماوە و ئەو بڕە 50 هەزار دینارە لە بەرامبەر کاغەزێکی ئەی فۆڕە کە ژمارەکەی لەسەر دەنووسرێت و شوفێر ناچارە لە جامی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بدات.

لە درێژەی روونکردنەوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، ئەو جۆرە بەراوردکارییەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە، بێ ئەوەی زانیاری پێویست و ڕاست و دروست بخەنە ڕوو، کاری ئەوان بووەتە رەخنەی ڕووخێنەر و ئەو کارەیان کردۆتە پیشەی خۆیان و هەمیشە لە بۆسەدان بۆ ئەوەی زانیاری ناراست و چەواشەکار دەرخواردی خەڵکی ئازیزی کوردستان بدەن.

ئەوەش خرایەڕوو، قەرەباڵغی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی شارەکان بە دوو دەوامەوە (بەیانیان و ئێواران) نیشانەی دڵخۆشی و پێشوازی خەڵکی کوردستانە لەو پرۆسەیە.