خێزانێك به ته‌زووی كاره‌با گیانیان له‌ده‌ستدا
K24 - هه‌ولێر:
خێزانێكی میسری به‌هۆی كاره‌باوه له ماڵه‌كه‌ی خۆیان له پارێزگای "شه‌رقیه" گیانیان له‌ده‌ست دا، به گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌و وڵاته، له‌وكاته‌ی كاره‌با لێی داون و كه‌س پێی نه‌زانیوه تا رزگاریان بكات.
میدیاكانی میسر ورده‌كاری رووداوه‌كه‌یان له‌سه‌ر زاری باوكه‌كه گێڕاوه‌ته‌وه، كه باوكه له كار ته‌واو ده‌بێت و ده‌چێته ماڵه‌وه، به‌ڵام جه‌سته‌ی مردووی كوڕه‌كه‌ی (هه‌شت ساڵ) و كچه‌كه‌ی (3 ساڵ) و هاسه‌ره‌كه‌ی ده‌بینێت.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی "میسراوی"، باوكه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیم به هاوسه‌ره‌كه‌مه‌وه كردووه، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بووه، بۆیه نیگه‌ران بووم، كاتێك له‌سه‌ر كار ته‌واو بووم و گه‌ڕامه‌وه، جه‌سته‌ی سارد و سڕی هاوسه‌ره‌كه‌م و دوو منداڵه‌كه‌م بینی له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتبوون.
گوتیشی: كاتێك ئه‌وانم به‌مشێوه‌یه بینی، وه‌ك ئه‌وه وابوو برووسكه‌یه‌ك لێمبدات، دواتر زانیم هۆكاری مردنه‌كه‌یان به‌هۆی ته‌زووی كاره‌باوه بووه.
سه‌رچاوه ئاشكرای كرد، كاتێك منداڵه‌كان ویستوویانه دایكیان رزگاربكه‌ن، ئه‌وان به ته‌زووی كاره‌باوه گیانیان له‌ده‌ستداوه، دراوسێكانیشیان هه‌ستیان پێنه‌كردووه، تا به‌هانایانه‌وه بچن.
به‌پێی زانیارییه‌كانی كه‌سێكی نزیك له‌و خێزانه، دایكه‌كه كاتێك خه‌ریكی شوشتنی ناوماڵ بووه و كاره‌با لێی داوه و هه‌ر له‌و كاته‌دا گیانی له‌ده‌ستداوه، منداڵه‌كانیش هه‌وڵیان داوه دایكیان رزگار بكه‌ن، كه‌چی ئه‌وانه‌یش به كاره‌باكه مردن.
ماڵپه‌ڕی "یوم ئه‌لسابع" بڵاویكرده‌وه، ته‌رمی قوربانییه‌كان له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سه‌نته‌ری شه‌رقیه پارێزراوه، تا توێكاریان بۆ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاری مردنه‌كه‌یان بزانرێت، لێكۆڵینه‌وه‌ش له رووداوه‌كه ته‌واو نه‌بووه.