میدیاكانی ئێران ورده‌كاری كوژرانی ئه‌فسه‌رێكی سوپای پاسداران بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

"لە باڵکۆنی ماڵەکەی خۆیەوە، خۆی هەڵداوەتە خوارەوە"
عەلی ئیساعیلزادە، ئەفسەری سوپای پاسداران
عەلی ئیساعیلزادە، ئەفسەری سوپای پاسداران

K24 - هەولێر:

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەفسەرێکی سوپای پاسداران بەناوی عەلی ئیساعیلزادە لە ماڵەکەی خۆیدا بە مردوویی دۆزرایەوە.  

ئاژانسی  "IRNA"ـی زمانحاڵی حکومەتی تاران رایگەیاند، ئەفسەرێکی سوپای پاسداران "بەهۆی رووداوێك لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە".

لە هەواڵەکەی ئاژانسی "IRNA" ئاماژە بە ناوی ئەفسەرەکە نەدراوە و تەنیا ئەوەندە گوتراوە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.

ئاژانسی "تەسنیم" کە ئاژانسێکی نیمچە فەرمی ئێرانە لەلای خۆیەوە، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردوەتەوە کە "ئیسماعیلزادە، بەهۆی نەبوونی پارێزگاریی پێویستەوە لە باڵکۆنی ماڵەکەی خۆیەوە کەوتووەتە خوار و گیانی لەدەستداوە". هەروەها هەواڵەکەی کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ" لە بارەی رووداوەکەوە بە "چیرۆکێکی هەڵبەستراو" ناوبراوە.

کەناڵێکی تەلەگرامیش بەناوی "عەماریون" کە نزیکە لە سوپای پاسداران هەواڵی مردنی ئیسماعیلزادەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە شاری کەرەج، لە باڵکۆنی ماڵەکەی خۆیەوە، خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و خۆی کوشتووە.  

عەلی ئیساعیلزادە، ئەفسەری سوپای پاسداران
عەلی ئیساعیلزادە، ئەفسەری سوپای پاسداران

لە بەرامبەردا هەندێك لە میدیا ئێرانیەکان بڵاویانکردەوە، ئیسماعیلزادە بە دزە پێکردنی زانیاری تۆمەتبار کراوە، دواتر بەجۆرێك کۆتایی بە ژیانی هاتووە کە لە "خۆکوشتن" بچێت.

لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە، گومانی ئەوە دەکرێت ئیسماعیلزادە لە تیرۆرکردنی ئەفسەرێکی سوپای پاسداران رۆڵی هەبووبێت.