مەسرور بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دەکات

"بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێیی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ ئیتاڵیا"

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگی نێودەوڵەتی ئیتاڵیا کۆبوونەوە، لەمیانەی ئەو دیدارەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق تاووتوێ کران. 

ئەمڕۆ شەممە 4ی حوزەیرانی 2022 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارینا سێرێنی جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی ئیتاڵیا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ماوریتزۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرا.  

جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی ئیتاڵیا، باسی لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان دەربڕی.

مارینا سێرێنی ئاماژەی بەوەشدا کە بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێیی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە دەرفەتێکدا کە گونجاو بێت بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئیتاڵیای کرد بۆ هێزی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەروەها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ فراوانکردنی هەماهەنگیی و هاریکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیتالیا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.