بەتۆمەتی دزەپێکردنی پرسیارەکان سێ فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەستگیرکران

"ئەو سێ کەسە بەرپرسیاری سەرەکی تاوانەکە بوون"
تاقیکردنەوەکان
تاقیکردنەوەکان

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 4ـی حوزەیرانی 2022، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی رایگەیاند، سێ فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەیان بە تۆمەتی دزەپێکردنی پرسیارەکان دەستگیرکردووە.

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی لێکۆڵینەوەیەکی تەواوەتی لەبارەی دزەپێکردنی تاقیکردنەوەکانەوە کردووە، هاوکات لێکۆڵینەوەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ئەنجامدراوە.

ئاماژە بەوەش درا، دوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و پشکنینی جێپەنجە لە شوێنی دانانی پرسیارەکان، دەرکەوت سێ فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیاری سەرەکی دزەپێکردنی پرسیارەکان بوون، هەروەها دوو گومانلێکراوی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

چەند رۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی پەروەردەی ئیتیحادی لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی بەڕێوبەرایەتییەکانی کردبوو بڕیاریدا تاقیکردنەوەکانی پۆلی سێی ناوەندی دوابخرێت، ئەمەش بەهۆی دزەپێکردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان.