فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌ن

له‌ دانیشتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌شدا دوو وه‌زیری حكومه‌ت وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتاران ده‌ده‌نه‌وه‌
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

فراكسیۆنەكان پێشوازی لە دەسپێشخەریەکەی سەرۆكی حكومەت دەكەن بۆ ئامادەبوونی وەزیرەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، چونکە ژمارەیەك راسپاردە و پێشنیاز و كێشەی ھاووڵاتیان لە پەرلەمانن و پێویستیان بە بەشداری وەزیرەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان هەیە گفتوگۆیان لەسەر بكەن.

له‌كاتێكیشدا چەند وەزیرێك پێشنیازكراون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان ئامادەبن، كاری له‌پێشینه‌ش بۆ چەند وەزیرێك دەبێت، بڕیاریشە لەم ھەفتەیەدا پەرلەمان بە بەشداری دوو وەزیر كۆببێتەوە .

دەسپێكی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداری وەزیری تەندروستی بوو، ھاتنی وەزیرانی کابینەی نۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان بەردەوام دەبێت، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان ئاشکرای کرد، له‌ رێگه‌ی تەلەفۆنه‌وه‌ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قسەم كردووە و ھەفتانە بەپێی بەرنامەی كاری پەرلەمانی كوردستان وەزیرەكان بەشداری له‌ دانیشتنەكان دەكەن.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ئیدریس ئیسماعیل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، فراكسیۆنه‌كان پێشوازییان له‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت كردووه‌ و بڕیاره‌ دانیشتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی په‌رله‌مانیش به‌ ئاماده‌بوونی دوو وه‌زیری دیكه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

زیاترلە 34 راسپاردە و پێشنیاز لە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمانە بۆ ئەوەی بە بەشداری وەزیرەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەسەربكرێت، دۆخی دارایی، كارەبا و ئاو، پرسی كوشتنی ئافرەتان و دیاردەی كۆمەڵایەتی ئەولەویەتی ئەو پرسانەن کە پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیرەكان گفتوگۆیان لەسەر دەكەن، سارا دڵشاد، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستانیش لیستی ناوی ئەو وەزیرانەی بۆ كوردستان24 ئاشكرا كرد، کە میوانداری دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكرێن.

بۆ یەكەم جارە لە خولەكانی پەرلەمان و حكومەت زۆرترین ھەماھەنگی لە نێوان پەرلەمان و حكومەت ھەبێت و وەزیرەكان و سەرۆكی دەستە و بەڕێوەبەرەكان بێنە پەرلەمان و لە ھۆڵی دانیشتنەكان و کاری لیژنەكان بەشداربن و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بدەنەوە، فراكسیۆنەكانیش پێشوازی لەم دەسپێشخەریە دەكەن.

H.B