یاسای خزمهتی سهربازیی ناچاری له عێراق دێتهوه بهرباس
K24- ههولێر:
جارێکی دیكه یاسای خزمەتی سەربازی ناچاری دێتەوە بەر باس، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، خوێندەوەی یەکەمیان بۆ رەشنووسی یاساکە کردووە و دەیانەوێت، بە جۆرێك هەمواری بکەنەوە، مووچەی هەر گەنجێکی بەشداربوو لە یهك ملیۆن کەمتر نەبێت، خزمەتەکە ئەو گەنجانە دەگرێتەوە، کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵیەوەیە و پاش تەواوکردنی خوێندنیش، ئەو خزمەتە هەر دەیانگرێتەوە و بەپێی بڕوانامەش ماوەی حزمەتەکەیان دەگۆڕێت.
ئەم پڕۆژە یاسایە كه لە خولی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی کردبوو، چاوەڕوان دەکرێت لەم خولەدا دەنگی لە سەر بدرێت، خالد عوبێدی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بهرگریش بە گرنگیەوە باسی پڕۆژە یاساکەی کرد و گوتی: پاش ئەوەی پەرلەمان پەسەندی دەکات، دەبێت لە ماوەی دوو ساڵدا وەزارەتی بەرگری دەست بە جێبەجێ کردنی بکات.
ئێستا لیژنەی ئاسایش و بەرگری له پەرلەمانی عێراق کار لە سەر هەموارکردنهوهی رەشنووسی پڕۆژە یاسایی خزمەتی سەربازی دەکەن و دەیانەوێت هەر گەنجێکی بەشداربوو مووچەکەی لە ماوەی ئەو ساڵەدا، لە یەك ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە سەرجەم شارەکانی عێراق سەربازگەی نوێ و شوێنی مهشقی سهربازی و کەرەستە سەربازیەکان دابین بكرێن.
ئەم پرسە لە کاتێکدا سەریهەڵداوە، کە دەیان گرووپی چەکداری له عێراق بوونیان هەیە و لە ژێر هەیمەنەی وڵاتدا نین، هەروەها ناڕەزایەتی گەنجانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.
H.B