لە مانگێکدا 39 بوومەلەرزە لە عێراق تۆمار کراوە

سەرچاوەی 25 بوومەلەرزە لەناو خاکی عێراق بوون
بوومەلەرزە
بوومەلەرزە

K24 – هەولێر

بەگوێرەی داتاکانی بەشی چاودێری بوومەلەرزە لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە مانگی رابردوودا 39 بوومەلەرزە تۆمارکراون.

بەشی چاودێری بوومەلەرزە لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا رایگەیاندووە، تەنیا لە مانگی رابردوودا 39 بوومەلەرزە بە هێزی جیاواز، کە نزمترینی یەک پلە و بەرزترینی چوار پلەی رێختەر بوو، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی عێراق تۆمارکراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرچاوەی 25 بوومەلەرزە لەناو خاکی عێراق بوون، هەروەها هەشت بوومەلەرزەش سەرچاوەکەیان لە خاکی ئێرانەوە کاریگەری بۆ ناو عێراق هەبووە.

وەک کەشناسی ئاماژەیداوە، سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان، لە عێراقیش پارێزگاکانی نەینەوا، میسان، بەسرە و زیقار زۆرترین بوومەلەرزەیان لێ تۆمارکراوە.