وەزارەتی تەندروستی: كێشەی كەمی دەرمان لە سلێمانی چارەسەر كراوە

نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی فشاری زۆری لەسەرە
نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی
نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی

K24 - سلێمانی

لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك كێشەی كەمی دەرمان لە نەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی، گرفتی بۆ هاووڵاتیانی ئەو شارە بە تایبەت تووشبوانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا دروستكردووە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش ئاشكرای دەكات، كێشەی كەمی دەرمان چارەسەر كراوە، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیواش ئومێدەوارە سەرجەم كێشەكانیان لە رووی دەرمانەوە بۆ چارەسەر بكرێت.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەم کێشەیە چارەسەر کراوە و لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە و جێبەجێ دەکرێت، وەزیری تەندروستی خۆی لەسەر هێڵە، نەبوونی دەرمان لە هەر شوێنێک هەبێت، پەیوەندیدارە بە تەندروستی هاووڵاتیان، بڕیاردراوە ئەو بەشە پارەی بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستی دیارکراوە لە پارێزگای سلێمانی لە خەرجییەکانی دیکە جیا بکرێتەوە و تێکەڵ بە بابەتی مووچە و شتی تر نەکرێت، بۆ ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ خەرج بکرێت".

جەختیکردەوە: "بڕیارەکە دەرچووە و ئەو کێشانەی هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان چارەسەر دەکرێت و ئیتر بابەتی کڕینی دەرمان و ئەو گرێبەستانەی هەیە و ئەو مافەی کۆمپانیاکان گرێبەستیان لەگەڵ تەندروستی سلێمانی هەیە چارەسەر دەکرێت".

نەخۆشخانەی هیوا لە سلیمانی، یەكێكە لەو نەخۆشخانانەی كە زۆرترین فشاری لەسەرەو تووشبوانی شێرپەنجە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقیشەوە سەردانی دەكەن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش ئومێدەوارە سەرجەم كیشەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت .

د. یاد نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی هیوا بە کوردستان24ی گوت: "تائێستا گرفتی کەمی دەرمان هەیە و بەشێکی چارەسەر کراوە، دەبوایە بەدەم هاتنەکە باشتر بوایە، ئێستا زیاتر لە 150 نەخۆش لە نەخۆشخانەی هیوا بێ دەرمانن".

گوتیشی: "گرفتی کەمی دەرمان لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش هەیە، بەڵام گرفتەکەی ئێمە زیاترە، چونکە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن، لەبەر ئەوە فشاری زیاترمان لەسەرە".

لە چەندین بۆنەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەوەی نەشاردووەتەوە كە لە رابردوودا لەسەر داواكاری هیچ پەرلەمانتارێك هیچ بڕە دەرمانێك لە بەغداوە  نەگەیشتووە بە سلێمانی، وەزارەتی تەندروستیش پێشتر رایگەیاندووە، بابەتی كڕینی دەرمان لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تەندروستی پارێزگا و شوێنەكانی دیكەدایە و وەزارەت ئەو دەسەڵاتەی پێداون، خۆیان ئەو بابەتە بەرێوەببەن.