لەبارەی کوالیتی خراپی بەنزین، پارێزگای دهۆک شەش بریاری دەرکرد
مەسعود موحەمەد K24 دهۆک
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ جێگری پارێزگاری دهۆک کە تایبەت بوو بە نرخ و کوالیتی پانزین، شەش بڕیاری گرنگ بۆ باشترکردنی کوالیتی بەنزین دەرکرا.
بڕیارەکانی پارێزگاری دهۆک لەبارەی کوالیتی بەنزین:
یەکەم: کاراکردنی لیژنەیەکی هاوبەش لە بەرێوەبەرایەتیەکانی بەدواداچون و پشکنینی کوالیتی بەنزینی ( 690 ) دیناری و بەنزینخانەکان ناچار بکرێن پابەندی تایبەتمەندییەکانی بەنزینەکە بن.
دووەم: پشکنینی هەموو کۆگا و عەمبارگەکانی سوتەمەنی و بەنزین، ئەمەش لە پێناو نەهێشتنی بەنزینی پیس و دەبێت سەرپێچیکاران سزا بدرێن.
سێیەم: دانانی خاڵێکی پشکنین لە بازگەی ئالۆکا بۆ وەرگرتنی نموونەی ئەو بەنزینەی لە دەرەوە دێت، ئەنجامەکەش دەبێت لە تاقیگەی باوەڕپێکراو دەربچێت.
چوارەم: هەوڵ بدرێت بەشی دهۆک لە بەنزینی (690) دیناری زیاد بکرێت.
پێنجەم: زیادکردنی ژمارەی مزەخەکان لەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی حکومی لێ دابەش دەکرێت، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەو ئەو بەنزینخانانە.
شەشەم: لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەوڵ بدرێت بۆ هێنانی بەنزینی کوالیتی باش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.