لە هەولێر دەستڕێژی گولـلە لە باوک و کوڕێک کرا

باوکەکە گیانی لەدەستدا
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی لە گوندی (عارەب کەندی نوێ)ی سنووری پارێزگای هەولێر تەقە لە باوک و کوڕێک کرا، باوکەکە گیانی لەدەستدا و کوڕەکەشی برینداربوو. پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت: دوژمنداری لەنێوانیان هەبووە.

لە روونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێرئاماژەی بەوەداوە: "رێکەوتی 5/6/2022 کاتژمێر 11ی شەو دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر بە بوونی رووداوێکی کوشتن لە گوندی (عارەب کەندی نوێ)- (قەریەتاغ)، ھێزەکانمان گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و دەرکەوت (ھەرێم ئیبراھیم ساڵح) و تەمەن 38 ساڵە و پیشە پێشمەرگەیە بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە، هەروەها کوڕەکەشی بەناوی (ھەڵۆ ھەرێم) تەمەنی 16 ساڵە بریندار بووە، پێشتر دانیشتووی کەلار بوونە و ماوەیەکە ھاتوونەتە شاری ھەولێر، ھۆکارەکەشی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، دوژمندار بوونە. بۆ ئەم مەبەستەش، پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخرا".