جەنەراڵێکی دیکەی رووسی لە ئۆکرانیا کوژرا

ئۆکرانیا تا ئێستا هەواڵی کوژرانی 12 جەنەراڵی رووسیان بڵاوکردووەتەوە
جەنەراڵ، رۆمان کوتوزۆڤ
جەنەراڵ، رۆمان کوتوزۆڤ

K24 - هەولێر:

رۆژنامەنووسێکی رووسیا بەناوی ئەلیکساندەر سلادکۆڤ باسی لە کوژرانی بەرپرسێکی باڵای سەربازی لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کرد کە کوژراوەکە جەنەراڵێکی رووسیە، بەڵام ئاماژەی بە رێکەوتی کوژرانەکەی نەداوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی بەرگری رووسیا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەبارەی کوژرانی جەنەراڵ، رۆمان کوتوزۆڤـەوە نەداوە.

هێزەکانی رووسیا دوای ئەوەی لە گرتنی کیێڤی پایتەخت سەرکەوتوو نەبوون، ماوەی چەند رۆژێکە هێرشەکانیان بۆ سەر شاری سیڤیێرۆدۆنێتسک لە هەرێمی دۆنباس چر کردووەتەوە.

کاتێک کوتوزۆڤ عەقید بووە، فەرماندەیی 38ەمین فەوجەکانی پەیوەندییە جیاکراوەکانی هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا بووە.

مۆسکۆ لە 25ـی ئادارەوە ئاماری زیانە گیانیەکانی سەربازە رووسیەکانی بڵاونەکردووەتەوە، کە لەو کاتەدا کوژرانی 1351 سەربازی سووپای وڵاتەکەی راگەیاند.

لە سەرەتای مانگی ئایار، راپۆرتێكی نیو یۆرک تایمس ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا لە کوشتنی جەنەراڵە رووسییەکان یارمەتی ئۆکرانیا دەدات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا تا ئێستا هەواڵی کوژرانی 12 جەنەراڵی رووسیان بڵاوکردووەتەوە.