چوار بەنزینخانە لەبەر خراپی کوالیتی بەنزین داخران
K24 - دھۆک:
دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لەلایەن شۆفێرانەوە و پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی کوالیتی بانزین، لە سنووری پارێزگای دھۆک چەند بەنزینخانەیەک داخران.
موحسین تەھا، بەڕێوەبەری بەڕێوبەراتی نەوت و کانزاکان لە دھۆک بە کوردستان 24ـی راگەیاند، لیژنەکانیان ھەوڵەکانیان چڕ کردووتەوە و لە بەدواداچونەکانیاندا دەرکەوتووە، لە ھەندێک بەنزینخانە دەستکاری کوالیتی بەنزین کراوە و بەنزینی خراپ بە شۆفێران فرۆشراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، چوار بەنزینخانە کە بەنزینی کوالیتی خراپیان داوەتە هاووڵاتییان، بڕیاری داخستنیان بۆ دەرچووە و هۆشداری بە بەنزینخانەکانی دیکەش دراوە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان راشیگەیاند، جگە لە داخستنی ئەو چوار بەنزینخانەیە، خاوەنەکانیشیان سزای دارایی دەدرێن.
بەپێی زانییاریەکانی کوردستان 24، ئەو چوار بەنزینخانەیە یەکێکیان لەناو سەنتەری شاری دھۆک ئەوانی دیکە لە سێمێل و ئاکرێ و فەیدیێ داخراون.
پێش دوو رۆژ بەشێک لە شۆفێرانی دھۆک لەبەر پیسی و بێ کوالیتی بەنزین گردبوونەوەی نارازییان ئەنجام دابوو، دوای ئەوەش بە بڕیاری پارێزگای دھۆک لیژنەیەکی ھاوبەش پێکھێنرا بۆ لێکۆڵینەوە و پشکنین لە نموونەی ئەو بەنزینانەی دێنە دهۆک.