د. ئومێد سەباح: هەموو داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە"

"راپۆرتی وردبینی خەرجیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێری ئیتیحادی پەسند کرا"
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران

K24 - هەولێر:

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەپێناو زامنکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.

بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و لە پێناو زامنکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6/6/2022، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکھاتبوو لە خالد شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووساندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و د.خالد ھادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا.

لەو سەردانەدا راپۆرتی وردبینی خەرجیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوەتە رافل یاسین، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ناوەندی.

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی راپۆتەکەوە گوتی: "راپۆرتی کۆتایی کە تێیدا وردبینی بۆ خەرجی و میلاکاتی هەرێمی کوردستان کراوە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و دیوانی چاودێری ئیتیحادی پەسند کراوە، ئەم راپۆرتە گرنگیەکی ئێجگار زۆری هەیە، چونکە لە راپۆرتەکەدا هەموو ئەو زانیاریە ناڕاستانەی کە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوتران بەدرۆ خراونەتەوە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، یەکەمجارە لەدوای ساڵی 1991 کارێکی پێکەوەیی لەنێوان چاودێری دارایی هەرێم و چاودێری دارایی ئیتیحادی بکرێت و بەرهەمێکیشی هەبێت، کە دەبێتە بناغەیەک بۆ دروستکردنی پەیوەندیەکی تەندروست لەنێوان دامودەزگاکاندا.

لەبارەی 200 ملیارەکەوە، د. ئومێد سەباح بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئەو بڕە پارەیە ماف و شایستەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام زۆرجار ئەم مافە مامەڵەیەکی ناتەندروستی لەگەڵ کراوە، ئومێدەوارین حکومەتی ئیتیحادی و وەزارەتی دارایی، مامەڵەیەکی دەستوریانە لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکات."

لە درێژەی قسەکانیدا، د. ئومێد سەباح باسی لەوەش کرد، "هاوتەریب لەگەڵ ئەم راپۆرتە بە نووسراوێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانەوە، هەموو داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە، هەروەها رەوانەی وەزارەتی نەوتی ئیتیحادیمان کردووە، هیواخوازین مامەڵەیەکی دەستووری لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێی کوردستان بکەن."