رەتکردنەوەی داواکارییەکانی واشنتن نرخی نەوتی بەرزکردەوە

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 1 بۆ 121 دۆلار بەرزبووەوە
نه‌وت
نه‌وت

K24- هه‌ولێر:

دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی واشنتن بۆ رێگەپێدان بە هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا تاوەکو قەرەبووی کورتهێنانی نەوتی رووسیا بکاتەوە، هەروەها پشتگوێخستنی داواکارییەکانی واشنتن لە لایەن ئارامکۆوە، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ بەرزبووەوە.

کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە رایگەیاند، نرخی نەوتیان لەسەر زۆربەی کڕیارەکانیان لە ئاسیا بەرزکردووەتەوە، بەهۆیەوە لە دەستپێکی مامەڵەکانی یەکەم رۆژی مامەڵەکانیدا نرخی نه‌وت بەرزبووەوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 1 بۆ 121 دۆلار بەرزبووەوە

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی سەدا 0.6 بۆ 120.99 دۆلار بەرزبووەوە.

هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی ئینی ئیتاڵی و ریسپۆلی ئیسپانی دەستیان بە هاوردەکردنی بارە نەوتی ڤەنزوێلیان بۆ ئەوروپا کردەوە، تاوەکو بتوانن قەرەبووی هاوردەی نەوتی رووسیا بکەنەوە.

هەروەها ئەمه‌ریکا رێگەی بە کۆمپانیاکانی وزەی ئەوروپا داوە دەست بە هاوردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا بکەن، ئەوەش هەنگاوێکە تاوەکو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەستبەرداری نەوتی رووسیا بن و بتوانن تا کۆتایی ئەمساڵ هاورەدی قەدەغە بکەن،  بۆ ئەم مەبەستە ئاسانکاری لە سزاکانی سەر وڵاتەکە دەکات.

لە دەستپێکی ئەمساڵەوە نرخی نەوتی خاو بە رێژەی سەدا 60 بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ دەرهاویشتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و گەشانەوەی خواست دوای لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا دەگەڕێتەوە.