ئیلۆن مهسك هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی گرێبەستی كڕینی تویتەر دەكات
K24 - ههولێر:
دوای ئەوەی ئیلۆن مهسك ملیاردێری ئەمهریکا تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتهری بە گوژمەی 44 ملیار دۆلار کڕی، ئێستا هەڕەشە لە هەڵوەشانەوەی گرێەبستەکە دەکات.
ئەو هەڕەشەیەش دوای ئەوە دێت داوای زانیاری زیاتری لەبارەی نامە و ئەژمارە ساختەکان کردبوو.
مهسك لە رێگەی نامەیەکەوە بۆ گەورە یاساییەکانی تویتەر داوای کردووە، زانیاری پێویستی لەبارەی ئەژمارە راستەقینەکان لەو سەکۆیە پێ بدەن.
لەم دواییە تویتەر زانیاری وردی لەبارەی شێوازەکانی هەڵسەنگاندنی تایبەت بە تۆڕەکەی پێشکەش بە ئیلۆن مهسك کرد، بەڵام مهسك دەیەوێت خۆی هەڵسەنگاندن بۆ تویتەر بکات و پێیوایە ئەو هەڵسەنگاندنانەی کراون وەک پێویست نین.
هەروەها مهسك داوای داتای تایبەتی تویتەری کردووە بۆ ئەوەی توێژینەوەی لەسەر بکات و ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر بە ئەنجامەکەی رازی نەبێت؛ ئەوا دەتوانێت تەواوی گرێبەستە هەڵبوەشێنێتەوە.