شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لە دیارنەمانی داھات دەچێتە سلێمانی

له‌ ھۆكاری نەمانی پارە لە بانكەكان ده‌كۆڵنه‌وه‌ و دەرئەنجامەكەی ده‌خه‌نه‌ڕوو
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە (8ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022) بە مەبەستی لیكۆڵینەوە لە دیارنەمانی داھات بچێتە سلێمانی.

ھەڵكەوت لالە ئەنوەر، ئەندامی لیژنەی دستپاكی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵ لە سنووری هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین كێشە بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان لە دابەشكردنی مووچەكانیان سەریھەڵدا، لیكۆڵینەوەمان كرد، دەركەوت دوای كۆكردنەوەی داھات لە بانكەكان دەبرا، بڕیارماندا وەك لیژنە لیكۆڵینەوە بكەین بۆ ئەوەی بزانین داھاتەكە لە كوێیە و كێ دەیبات.

گوتیشی: دوای پێكھێنانی لیژنەكە چەند كۆبونەوەیەك بۆ خۆئامادەكردن لە دەستپێكردنی كارەكان، بڕیارماندا ئەمڕۆ بچینە سلێمانی لێكۆڵینەوەكانمان لەبارەی ھۆكاری نەمانی پارە لە بانكەكان دەستپێبكەین و دوای تەواوبوونی بەدواداچوونەكان، دەرئەنجامەكەی دەدەینە دیوانی چاودێری دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكان.