زیلێنسکی: رۆژانە رووسیا 300 سەربازی خۆی دەکاتە قوربانی

"تا ئێستا 31 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون"
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، تا ئێستا 31 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون و رۆژانە رووسیا 300 سەرباز دەکاتە قوربانی، ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا پێشبینی نەدەکرد بەرگری ئۆکرانیا بەو شێوەیە دەبێت و ئێستا هەموو هێزیان بەرەو بەرەکانی دۆنباس کۆکردووه‌تەوە، بەڵام هیچ گۆڕانکاری و پێشڕەوییەکیان نەکردووە.

ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشكرای كرد، لە 24ی شوباتەوە رۆژانە رووسیا گیانی 300 سەربازی دەکاتە قوربانی، تا ئێستا زیاتر لە 31 هەزار سەربازی رووسی کوژراون، ئەو شەڕە بێ مانایەی دژ بە ئۆکرانیا هەڵیگیرساندووە، رۆژێک دێت ژمارەی قوربانییانی رووسیا زۆر لەوە زیاتر دەبێت.

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، بارودۆخی پێشەوەی بەرەکانی جەنگی ئۆکرانیا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەکردووە، بە تەواوی بەرگری پاڵەوانانەی دۆنباس بەردەوامە. ئێمە بەڕوونی هەست دەکەین داگیرکەران باوەڕیان نەدەکرد بەرخۆدانی هێزەکانمان بەمشێوەیە بێت.