پەرلەمان و کۆمسیۆن چاوەڕێی لایەنەکانن

کۆمسیۆن: ئەستەمە بتوانین لەکاتی خۆی هەڵبژاردن بکەین
پەرلەمانی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی، چاوەرێی دەرئەنجامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانن کە بڕیارە سبەی 9/6/2022، لەبارەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت. كۆمسیۆن ئاشکرای دەکات، ئەگەر لەو رۆژەش بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بدرێت، ناتوانین ھەڵبژاردن بەرێوەببەین، پەرلەمانیش پێی وایە ئەگەر لایەنەكان لەو كۆبوونەوە بگەنە رێككەوتن بە سێ ھەفتە رێككەوتنەكە دەكەن بە یاسا.

بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێ كێشە، کە لای ھەموو لایەنە سیاسییەكان پەسندبێت، كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەكاری تەواو كە بڕیار دراوە لە 1ی ئۆكتۆبەری 2022 بەرێوەبچێت پێوستی بە شەش مانگە. تا ئێستا كۆمسیۆن ھیچ ئامادەكاریەكی نەكردووە ، وەک خۆیان دەڵێن ناتوانن ھەڵبژاردن لەو كاتەدا بكەن، بۆیە چاوەڕێی دەرئەنجامی كۆبوونەوەی سبەی دەکەن، ئاشکراشی دەکەن: لەو رۆژەوە بودجەمان دەگاتە دەست شەش مانگ كاتمان دەوێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.

كاروان جەلال،  بەڕێوەبەری گشتی داتاو زانیاری كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی بە کوردستان24ی راگەیاند: "شەش مانگ پێویستە لەو رۆژەوە کە بودجە دەدرێتە کۆمسیۆن، واتە ئەگەر لە 9ی مانگیش پەرلەمان، کۆمسیۆن راسپێرێت ئەستەمە بتوانین بۆ 1ی شوبات ئامادەکاری تەواو بکرێت بۆ هەڵبژاردن، لانی کەم پێویستمان بە شەش مانگە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکرێت".

پەرلەمانی كوردستان، چاوی لە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانە لەسەر میكانیزمەكانی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و چارەنووسی یاسای ھەڵبژاردن، تا ئەو كاتەی لایەنە سیاسییەكان نەگەنە رێككەوتن پەرلەمان دەست بۆ ئەو دوو پرسە نابات.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، نایشارێتەوە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن بە سێ ھەفتە یاسای ھەڵبژاردن یەكلایی دەكەنەوە و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش كاتی كەمی پێویستە بە مەرجێك لایەنەكان لە كۆبوونەوەی 9ی مانگ بگەنە رێککەوتن.

گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "دوو پێشنیازە یاسا هەن و ئامادەن، ئەگەر لایەنەکان لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئەو دوو پێشنیازە رێککەون، زۆر ئاسانە لە ماوەی هەفتەیەکدا راپۆرتی بۆ ئامادە بکرێت و هەفتەی دواتر خوێندنەوەی بۆ بکرێت و کۆتایی پێ بێت، واتا دوو تا سێ هەفتەی دەوێت".

گوتیشی: "رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان گرنگە بۆ ئەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردنی کوردستان لاببرێن و لەکاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت".