حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا

کچێکی تەمەن 22 ساڵە
نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ
نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ

K24 - هەولێر

حاڵەتێکی تای خوێبەربوون لە قەزای ئاکرێ تۆمارکرا، کە کچێکی تەمەن 22 ساڵە.

دکتۆر ساڵح مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی ئاکرێ بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای پشکنین پشتڕاستکرایەوە کە هاووڵاتییەک لە گوندێکی ناحیەی گردەسێن-ی سنووری قەزای ئاکرێ تووشی تای خوێنبەربوون بووە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو کەسە لە 4ی ئەم مانگەوە نیشانەکانی تای خوێنبەربوونی هەبووە، سەردانی نەخۆشخانەی گوڵانی کردووە لە ئاکرێ، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە گومانی ئەوەی لێکراوە کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بۆیە نمونەی خوێنی لێوەرگیراوە و رەوانەی دهۆک کراوە لەوێشەوە ناردراوە بۆ تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا، دوای دەرچوونی ئەنجامەکە ئاگادار کراینەوە کە تووشی تای خوێنبەربوون بووە".

بەڕێوەبەری تەندروستی ئاکرێ، روونیکردەوە: "ئەو هاووڵاتییەی تووشی خوێنەبەربوون بووە، ئاژەڵ بەخێو دەکەن، گومان دەکرێت لە ئاژەڵەکانەوە بۆی گوازرابێتەوە، تیمەکانمان رەوانەی ئەو گوندە کردووە و پێدەچێت حاڵەتی دیکەش هەبن".

گوتیشی: "ئەو تووشبووە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و باری تەندروستی جێگیرە، ئەگەر بەو جۆرە بمێنێتەوە و بەرەو باشتر بچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی ماڵەوە دەکرێتەوە".

دکتۆر ساڵح مستەفا، جەختیکردەوە: "پێویستە ئەو کەسانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن وریاتربن، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی گۆشت دەکڕن لەو گۆشتفرۆشانە بیکڕن کە گۆشتەکانیان مۆری تەندروستی پێوەبێت، تکایە کەس گۆشت لەو شوێنە نەکڕن کە لەبەر دەرگاکان دەفرۆشرێت".

نوێ دەکرێتەوە..