ئەنجامی کۆبوونەوەی هه‌ردوو وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا و توركیا

لاڤرۆڤ: ئەمەریکا بە شێوەیەکی نایاسایی پشتیوانی دارایی بۆ ژمارەیەک رێکخراو دابین دەکات
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ

K24 - هەولێر:

ئه‌مڕۆ 8ی حوزه‌یران (یۆنیۆی 2022) هه‌ردوو وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا و توركیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ دانانی رێكکه‌وتنی پێشوه‌خت له‌سه‌ر هێرشی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا كۆبوونەوە‌.

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ رێکخراوە چەکدارەکانی سووریا، رایگەیاند "ئەمەریکا (لە سووریا) بە شێوەیەکی نایاسایی پشتیوانی دارایی بۆ ژمارەیەک رێکخراو دابین دەکات".

دوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە کۆشکی کۆماری، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا.

لاڤرۆڤ لەبارەی پاراستنی ئاسایشی ئەو کەشتییانەی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە دەردەچن رایگەیاند "ئامادەی هەموو جۆرە کارکردنێکین لەبارەی پاراستنی ئاسایشی ئەو کەشتییانەی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە دەردەچن. ئامادەی تاووتوێکردنی ئەوەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا".

وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ سەبارەت بە هەستیارییەکانی تورکیا لەبارەی ئەو هەڕەشانەی لەلایەن هێزە دەرەکییەکان لە سەر سنوور دروست بوون، رایگەیاند "هەستیارییەکانی حکومەتی تورکیا لەبارەی ئەو هەڕەشانەی لەلایەن هێزە دەرەکییەکان لە سەر سنوور (لەگەڵ سووریا) دروست بوون، بەهەند وەردەگرین".

وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتيشى: "ئەگەر لایەنی ئۆکرانی ئامادە بێت بۆ چالاکییەکانی پاککردنەوەی مین، ئێمە ئامادەین".

لەکۆتایی قسەکانیشیدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، لاڤرۆڤ رایگەیاند "رای گشتی زۆر باش ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دەزانێت و بەو ئامانجانە دەگەین".

لەلای دیکەوە ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر رایگه‌یاند "توركیا به‌منزیكانه‌ هێرشی سه‌ربازیی نوێ ده‌كاته‌ سه‌ر باكووری سووریا، به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام و ده‌ركردنی چه‌كداره‌ كورده‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) كه‌ له‌ چوارچێویه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) دا جێگیرن.

aa