وه‌زیری خوێندنی باڵا داوا ده‌كات ماڵه‌كه‌ی عه‌زیز گه‌ردی بكرێته‌ مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی

"هۆڵێک لە زانکۆى سەڵاحەدین بە ناوى عەزیز گەردى بکرێت"
عه‌زیز گه‌ردی/ نووسه‌ری گه‌وره‌ی كورد
عه‌زیز گه‌ردی/ نووسه‌ری گه‌وره‌ی كورد

K24 - هەولێر:

وەزیرى خوێندنى باڵا رایگه‌یاند، هۆڵێک لە زانکۆى سەڵاحەدین بە ناوى عەزیز گەردى بکرێت و ماڵەکەشى بکرێته‌ مۆزەخانەی نیشتمانی.

لە ڕێوڕەسمى پێدانى خەڵاتى رێزلێنان بە 119 مامۆستاى خانەنشین و پرۆفیسۆر لە زانکۆى سەڵاحەدین – هەولێر، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له‌ گوتارێكدا پێشنیازى بۆ سەرۆک و ئەندامانى زانکۆى سەڵاحەدین کرد، هۆڵێکى شایستە لە زانکۆ بەناوى د. عەزیز گەردى بکرێت، پێشنیازیشى بۆ وەزارەتى رۆشنبیرى کرد ماڵەکەشى بکرێته‌ مۆزەخانەى نیشتمانى بۆ ئەوەى توێژەران و مامۆستایان سودى لێ وەربگرن.

رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2022، نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، مامۆستا عەزیز گەردی لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا عەزیز گەردی ماوەیەك بوو بەهۆی ناجێگیری رەوشی تەندروستیەوە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکدا بوو  دواجار بەیەکجاری ماڵئاوایی لە خاک و نەتەوەکەی کرد.

هەر لە یەکەم ڕۆژی نەخۆشییەکەیەوە، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی دیکەی راسپارد تا لەنزیکەوە ئاگاداری بن و هەرچی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەنجامبدرێت.

عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە بەحرکە لەدایکبووە،چه‌ندین کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەها ماوەیەك لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لەرێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی زمانی کوردی کردووە.

جیا لە وەرگێڕان، مامۆستا عەزیز گەردی چەند بەرهەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێك، سەروا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی).

شاکاری داغستانی من لە نووسینی رەسوڵ حەمزە تۆڤی وەرگێڕاوە کە ئەوەندە وەستایی تێدا کردووە هەر دەڵێی بە کوردی پاراو نوسراوە و ئەوەی خوێندویەتییەوە بۆ هەمیشە مێشکی داگیرکردووە.

عەزیز گەردی لە بواری پەروەردە و فێرکردنیشدا رۆڵێکی باڵای هەبوو،  چەندین ساڵ لە قوتابخانەی ئامادەیی رزگاری و قوتابخانەکانی دیکەی شاری هەولێر وانەی گوتووەتەوە.

دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆش لە بەشی کوردی کۆلێژی ئاداب لە هەولێر بووەتە وانەبێژ، بەڵام لەپێناو خۆ تەرخانکردن بۆ  وەرگێڕان دەستیلەکارکێشاوەتەوە، تا ساڵی 1994 ماستەرنامە و ساڵی 1999 دکتۆراکەی بەدەست دەهێنێت.