"چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی دیكه ئێران ده‌توانێت چه‌كی ناووكی دروست بكات"
K24 - هەولێر:
كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرای ده‌كات، هه‌ردوو كامێرای چاودێری ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی داخران كه بۆ چاودێری دۆسییه‌ی ناووكی ئێران دانرابوون.
رێكخراوی وزه‌ی ناووكی ئێران راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، تاران له هاوكاریكردنی ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئاژانسی ناوبراو ئه‌م هاوكارییه له‌به‌رچاو ناگرێت.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاژانسی وزه‌ی ئێران‌دا هاتووه، به‌رپرسانی دۆسییه‌ی ناووكی فه‌رمانی پچڕاندنی كامێراكانی ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركرد.
ئاژانسی وزه‌ی ئێران ژماره‌ی ئه‌و كامێرانه‌ی دیاری نه‌كرد كه پچڕاون و بۆ چاودێریكردنی به‌رنامه ناووكییه‌كی ئه‌م وڵاته دانرابوون.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، "به‌هرۆز كه‌مال ئه‌فه‌ندی گوته‌بێژی ئاژانسی وزه‌ی ناووكی ئێران چاودێری پچڕاندنی دوو كامێرای چاودێری ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه".
له‌مباره‌یه‌وه محه‌مه‌د ئیسلامی، سه‌رۆكی ئاژانسی وزه‌ی ئێران رایگه‌یاند، تاران هیچ جۆره چالاكییه‌كی بۆ ده‌ستكه‌وتنی چه‌كی ناووكی نییه، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی سه‌باره‌ت به‌م دۆسییه پێشكه‌ش كراون، ساخته‌ن.
ئیسلامی روونیكرده‌وه، هه‌نگاوه چوارقۆڵییه‌كه‌ی (ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا) بۆ پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، بڕیارێكه دژی ئێرانه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئێران خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی زۆری پۆرانیۆمی پیتێندراوه، بۆیه وای نیشان ده‌دات ئه‌مه به‌رهه‌مهێنانی ته‌زووی كاره‌بایه.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ئێران خاوه‌نی 43.1 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، جۆرێف بۆرێل، به‌رپرسی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، هه‌لی گفتوگۆكانی نێوان ئێران و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌رته‌سك بووه‌ته‌وه.
سه‌رۆكی ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند، ته‌نیا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ماوه بۆ ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌و ماددانه‌ی بۆ دروستكردنی چه‌كی ناووكی ده‌ستكه‌وێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی فرانس پرێس، ئێران به‌رده‌وام ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه ده‌گوترێن، تاران هه‌وڵی ده‌ستخستنی چه‌كی ناووك ده‌دات.