گۆتێریس: برسییه‌تی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جیهان ده‌گرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای ده‌كات، كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی ئۆكرانیا دۆخی جیهان به‌ره‌و خراپتر ده‌بات.
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێریس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، جه‌نگی ئۆكرانیا كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ملیارێك و 600 ملیۆن كه‌س دروستكردووه.
گۆتێریس له‌میانی پێشكه‌شكردنی راپۆرتی دووه‌می كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی ئۆكرانیا راشیگه‌یاند، لێكه‌وته‌كانی جه‌نگی ئۆكرانیا خێراتر ده‌رده‌كه‌ون، مه‌ترسیدارن.
سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، جه‌نگ هه‌ڕه‌شه له‌گشت خه‌ڵكی جیهان ده‌كات.
ده‌شڵێت: "به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی ئۆكرانیا شه‌پۆلێكی برسییه‌تی، بێ په‌ناگه‌یی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جیهان ده‌گرێته‌وه، به‌هۆیه‌وه پشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری دروست ده‌بێت.
جه‌نگی ئۆكرانیا له (24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)ـه‌وه ده‌ستیپێكردووه و له ده‌ستپێكی شه‌ڕدا رووسیا تا نزیك كیێڤی پایته‌خت پێشڕه‌وی كرد، دواتر پاشه‌كشه‌ی كرد، ئه‌و شه‌ڕه كاریگه‌ری بۆ سه‌ر بازاڕه‌كان و ئابووری جیهان دروستكرد.