وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان چەند راستییەك لە بارەی گرفتی بەنزین ده‌خاته‌ڕوو

"حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ هاورده‌كردنی به‌نزین به‌ كوالیتییه‌كی باش و نرخێكی گونجاو كردووه‌"
گرفته‌كانی به‌نزین
گرفته‌كانی به‌نزین

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند راستییه‌ك له‌باره‌ی گرفته‌كانی به‌نزین و نیگه‌رانییه‌كانی هاووڵاتییان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێكی لە پێناو دابینکردنی بەنزین بە کوالتییەکی باش و نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتیان داوه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان:

لە ئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانییەك لای هاووڵاتیانی خۆشەویست دروست بووە و بە پێویستی دەزانین چەند راستییەکیان بۆ بخەینەڕوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی داوە لە پێناو دابینکردنی بەنزین بە کوالتییەکی باش و نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتیان، ئەوەش بە رێگریکردن لە قۆرخکاری هاوردەکردنی بەنزین و رێگەنەدان بە هێنانی بەنزینی بێ کوالیتی. بۆ ئەو مەبەستەش کارئاسانی تەواوی کردووە بۆ بازرگانان وەك لابردنی باج و گومرك لەسەر هاوردەکردنی بەنزین، بەڵام پێویستە ئەو بەنزینە کوالیتییەکی باشی هەبێت و لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بێت.

لە هەمان کاتدا بە مەبەستی دابینکردنی بەشێکی پێداویستی ناوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی یەك ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بە نرخی 690 دینار و لە رێگەی چەند بەنزینخایەکەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەکات و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لە رێگەی لیژنەی تایبەتییەوە چاودێری بەردەوامی بەنزینخانەکان دەکات و هەر بەنزینخانەیەك سەرپێچی بکات یان کوالیتی بەنزینەکەی خراپ بێت ئەوە سزا دەدرێت.

پێویستە ئەو راستییەش بوترێت کە بە پێی رێکەوتنێك لە نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ، بڕیار وابوو حکومەتی فیدراڵی رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام لە ٩ مانگی رابردوودا بە نزیکەیی نیوەی ئەو بڕەی کە بریار بوو بنێردرێت ناردووە و لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵیشەوە هیچ بڕە بەنزینێک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆرستییەی کە کرایە سەر بەشێکی پاڵاوگەی کار کە ئەو بەنزینەی تێدا دەپاڵێورا کە حکومەتی فیدراڵ دەینارد.

سەرەڕای ئەو گرفتانەی باس کران بەشێوەیەکی گشتی نرخی بەنزین لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی دۆخی جەنگەوە بەرزبۆتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان هەبووە.

بۆیە خەلکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە هەوڵەکانی حکومەت بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

8ی حوزەیران 2022