فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمەریکی کەوتە خوارەوە

ئایا فڕۆکەکە ماددەی ئەتۆمی هەڵگرتبوو؟
فڕۆکەی جۆری MV-22 Osprey
فڕۆکەی جۆری MV-22 Osprey

K24 - هەولێر:

فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمەریکی کە پێنج ئەندامی هێزەکانی مارێنزی هەڵگرتبوو لە باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا کەوتە خوارەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، فڕۆکەکە لە ناوچەی گلامیس لە دووری 35 کیلۆمەتر لە سنووری مەکسیک کەوتووەتە خوارەوە، هاوکات تا ئێستا چارەنووسی ستافی فڕۆکەکە دیار نییە.

سوپای ئەمەریکاش لەلای خۆیەوە رەتی کردەوە کە فڕۆکەکە ماددەی تیشکدەری هەڵگرتبێت، سەرچاوەیەکیش بە فرانس پرێسی راگەیاند، فڕۆکە تێکشکاوەکە سەر بە یەکەی سێیەمی هێزی ئاسمانی دەریاییە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "فڕۆکەکە لە جۆری MV-22 Ospreyـە و پێنج سەربازی مارێنزی هەڵگرتبوو، چاوەڕێی بیستنی هەواڵێکین لەسەریان." وەک ئاماژە پێدانێک بە "ناردنی ئەمبوڵانسی سەربازی بۆ شوێنی رووداوەکە".

سەرچاوەکە هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە بوونی ماددەی ئەتۆمی دەکەن لەناو فڕۆکەکەدا.