یەکەم وەجبەی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت

نەوزاد شێخ کامیل: لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە 50 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
گەنم - ئەرشیف
گەنم - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی حوزەیرانی 2022، یەکەم وەجبەی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران کە بەرهەمی گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ کردووە دابەش دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: " ئەمڕۆ یەکەم وەجبەی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووش لە شاری سلێمانی بڕی دوو ملیار دینار وەک وەجبەی یەکەمی پارەی جوتیاران دابەش دەکرێت."

ئاماژەی بەوەشدا، کۆی ئەو پارەیەی ئەمساڵ بۆ وەجبەی یەکەمی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت، بریتیە لە سێ ملیار دینار.

ناوبراوی گوتیشی: "هاوکات چەکی چوار ملیار دیناریش گەیشتووەتە، کە دوای تەواوبوونی وەجبەی یەکەم دەستبە دابەشکردنی ئەکرێت.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.