هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆنلاین فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون پڕ بکەنەوە

K24 – هەولێر
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان فۆڕمی سەرەتایی داواکردنی بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونی کرێچیان بڵاوکردەوە و هەفتەی داهاتوو هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆنلاین فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.
دەستەی وەبەرهێنان، فۆڕمێکی سەرەتایی بۆ ئەوانەی شایستەن و دەیانەوێ سوودمەندبن لە 20 ھەزار یەکەکەی کرێنشینان بەردەست دەخات، بۆ بەرچاوڕوونی پڕۆسەی تۆمارکردن، لەخوارەوە دەتوانن سوود لە فۆڕمەکە وەرگرن کە زانیارییەکی سەرەتاییە بۆ هاووڵاتییان.
راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنان بڵاوکردەوە "دەستەی وەبەرهێنان بەردەوامە لە داڕشتن و دروستکردنی فۆڕمەکە بەشێوەیەکی تەندروست بێ هیچ کەموکوڕیییەک".
دەستەی وەبەرهێنان و دامەزراوەی "کان" دوو هەفتەیە سەرقاڵی داڕشتنی فۆڕمەکەن و هەفتەی داهاتووش فۆڕمەکە بەشێوازی ئەلیکتڕۆنی و بە ئۆنڵاین، لەژێر چاودێری دەستەی وەبەرهێنان، لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەست دەبێت.
لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیجی دەستەی وەبەرهێنان، لینکی فۆڕمەکە دادەنێرێت.
