سلێمانی.. کرێکارێک لە نهۆمی 14ی باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە

کرێکارەکە تەمەنی 45 ساڵە و خەڵکی سورداشە
پرۆژەی سولی ڤیو
پرۆژەی سولی ڤیو

K24 - سلێمانی:

کرێکارێک لە نهۆمی 14ی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە لە سلێمانی، کەوتەخوارەوە و راستەوخۆ گیانی لەدەستدا.

چالاک رەئوف، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ کرێکارێك لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەی سولی ڤیو لە نهۆمی 14ـوە کەوتووەتەخوارەوە و راستەوخۆ گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کرێکارەکە ناوی مەریوان خەسرەوە و تەمەنی 45 ساڵە و خەڵکی سورداشە.

پۆڵا ئەحمەد  ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە کردووە، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر خانەوادەی کرێکارەکە سکاڵا تۆماربکەن ئەوا سەندیکا بەخۆبەش پارێزەریان بۆ دەگرێت.

سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی گوتیشی، هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردا، پابەندنەبوونی خاوەنکارەکانە بە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکاندا.

پرۆژەی سولی ڤیو، پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی و نیشتەجێبوونە لە سلێمانی، کەوتۆتە جووت سایدی هەواری شار، نزیک پردی کۆبانێ، پڕۆژەکە لە پێنج باڵەخانەی 30 نھۆمی پێکدێت.

لە ساڵی رابردوودا 17 کرێکار لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر کارەکانیان گیانیان لەدەست داوە و 10 کرێکاری دیکەیش بریندار بوون.