راهێنه‌ری عێراق هۆكاری یارینه‌كردنی كاردۆ ئاشكرا ده‌كات

میرۆسلاڤ سۆکۆب راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و كاردۆ كامه‌ران یاریزانی كوردی لاوانی عێراق
میرۆسلاڤ سۆکۆب راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و كاردۆ كامه‌ران یاریزانی كوردی لاوانی عێراق

راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق هۆکاری یاریی نەکردنی کاردۆ کامەران سەدیق بەرگریکاری لاوی کورد ئاشکرا دەکات.

میدیاکانی عێراق ئاشکرایان کردووە، میرۆسلاڤ سۆکۆب راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە ئاستی کاردۆ کامەران بەرگریکاری ١٩ ساڵانی کریستال پاڵاسی ئینگلیزی رازی نییە و پێیوایە حەسەن رائید و محەمەد باقر لە دڵی بەرگری شایستەی ئەوەن لە پێکهاتەی سەرەکی یاریی بکەن و ئەوان شایستەی ئەوەن سەرەکی بن.

لە سێ یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیای خوار ٢٣ ساڵان کاردۆ کامەران یەدەگ بوو، کە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کاردۆ پێکانی هەبێت، بەڵام ئەو یاریزانە کوردە لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام رایگەیاند هیچ پێکانێکی نییە و ئەوانەی ئەم دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە درۆزن و بووکەڵەن.

هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق، رەخنەیەکی زۆریان لە میرۆسلاڤ سۆکۆب گرتووە و داوایان لێکردووە یاریی بە کاردۆ کامەران بکات کە لە تیپی لاوانی یانەیەکی وەکو کریستال پاڵاس سەرەکییە و پێویستە لە عێراقیش سەرەکی بێت.

رۆژی شەممە عێراق لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی ئاسیای خوار ٢٣ ساڵان بەرامبەر ئۆزباکستانی میواندار یاریی دەکات.