سه‌در داوا له په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌ی ده‌كات ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان له په‌رله‌مان بنووسن

K24- هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌ی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان له په‌رله‌مان بنووسن.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌در دووپاتیكرده‌وه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاكسازی له وڵات ناكرێت، ته‌نها له‌ڕێگه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی نه‌بێت.
سه‌در جه‌ختیكرده‌وه، "ئه‌گه‌ر مانه‌وه‌ی كوتله‌ی سه‌دری له په‌رله‌مان كۆسپ بێت له‌به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌وا ته‌واوی په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌مان ئاماده‌ن بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه".
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له درێژه‌ی گوته‌كانیدا گوتیشی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌وان ناكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه عێراق نه‌گه‌ڕێته‌وه و نه‌بێته‌وه به پارووێك بۆ ته‌وافوق و گه‌نده‌ڵی و پاشكۆیه‌تی"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هێزانه‌ی ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشێكه‌ی سیاسی كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتیان كردووه وخه‌ڵكی عێراقیان له ساده‌ترین خزمه‌تگوزاری بێبه‌ش كردووه و بووه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین كێشه‌ی دارایی و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و بێكاری.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هیچ شتێك نه له ده‌سه‌ڵات نه له سیاسه‌ت به‌لای منه‌وه گرنگ نییه. من كوڕی نه‌جه‌ف و حه‌نانه‌م و كوڕی محه‌مه‌د سه‌درم، كه سته‌مكاری و سووكایه‌تیی ره‌تكرده‌وه و من كه رووبه‌ڕووی داگیركاران ده‌بمه‌وه و ریسوایان ده‌كه‌م، هه‌ر منیشم له‌پێناو چاكسازی شمشێره‌كه‌ی ده‌رده‌كێشم و خه‌نجه‌ره‌كه‌ی به‌ده‌رده‌خه‌م".
گوتیشی: "ئه‌وه‌ی من داوام كردووه، ئاشكراكردنی هه‌رچی گه‌نده‌ڵكار و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی گه‌ل بووه و نه‌شه‌رقی بووم و نه غه‌ربیش بووم".
H.B