بلینکن: دەبێ ئێران وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئەتۆم بداتەوە

"دوای وازهێنانی ئێران لە داواکارییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو دەکرێتەوە"
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، ئەو رەوتەی ئێران گرتوویەتە بەر، تەنیا دەبێتە هۆی گۆشەگیرتر بوونی زیاتری ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای پەسند کرانی بڕیارنامەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە دژی ئێران، جەختیکردەوە، دەبێ ئێران لەگەڵ ئاژانس هاوکاری بکات و بە زانیاریی دروست، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانس بداتەوە.

بلینکێن، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی تەنیا کاتێک دەگەنە ئەنجام، کە تاران واز لەو داواکارییانە بهێنێ کە هیچ پەیوەندییەکانی بە رێککەوتننامەکەوە نییە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە ئاماژەکردن بەوەی ئەم هەنگاوانەی ئێران، هەڕەشە لە رەوتی زیندوو کردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی دەکەن هۆشداری داوە، ئەو رێگایەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتوویەتە بەر، تەنیا قووڵ بوونەوەی قەیرانی ئەتۆمی و زیاتر بوونی گۆشەگیریی ئابووری و سیاسیی ئێرانی لێدەکەوێتەوە.