ئامارەکانی لەسێدارەدان لە ئێران بەرزدەبنەوە

لە ماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە 168 زیندانی لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئاماری لەسێدارەدانی زیندانیانی ئێرانی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، بەراوەرد بە ساڵی رابردوو نزیک %50 زیادیکردووە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2022 دا لانیکەم 168 زیندانی لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا 110 کەس لە سێدارە درابوون.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان لە مانگی رابردوودا، ئاماری لەسێدارەدانی بەرز بووەتەوە.

جەختیکردەوە، ئەگەرچی تۆمەتی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون سیاسی نەبووە، بەڵام رووداوە سیاسییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر جێبەجێکرانی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو کەسانە هەبووە.