وەزیری ئاوەدانکردنەوە: یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێت بەو کەسانەی سوودمەند نەبوونە

" لە ماوەی ساڵێک تا ساڵ و نیوێک تەواو دەکرێن"
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە

K24 – هەولێر

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێت بەو کەسانەی سوودمەند نەبوونە و لە ماوەی ساڵێک تا ساڵ و نیوێک یەکەکان تەواو دەکرێن.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون بە کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "یەکەی نیشتەجێبوون کە بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان دروست دەکرێت، دەدرێت بەو کەسانەی تائێستا لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون و زەوی سوودمەند نەبوونە".

گوتیشی: "بۆ تەواوکردنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بڕیاری لێدراوە لە ماوەی ساڵێک تا ساڵ و نیوێک تەواو دەکرێن".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە، جەختیکردەوە: "شێوازی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە ئۆنلاین فۆڕم پڕ دەکرێتەوە و هاووڵاتییان داوا پێشکەش دەکەن، لە فۆڕمەکەدا هەموو زانیارییەکان دەخرێتەڕوو، لیژنە لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان پێکدەهێنرێت و زانیارییەکان کۆدەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی شایستە بێت یەکەی نیشتەجێبوونی پێبدرێت".

دانا عەبدولکەریم، لەبارەی پڕۆژەکانی دیکەی یەکانەی نیشتەجێبوون کە چەند ساڵێکە چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردن، گوتی: "لە کۆبوونەوەی 31/5/2022، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەری یەکەی نیشتەجێبوون، ئەوە خرایەڕوو کە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێشتر دراوەتە بەڵێندەران، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن لەو پڕۆژانە وەستێنراوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت و لە ماوەی داهاتوودا فەرمان و رێنمایی تایبەت بەو بابەتە دەردەچێت، دوای دابینکردنی بودجەی تایبەت هەوڵدەدەین لە ماوەیەکی کەمدا یەکەکان تەواو بکرێن".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو پڕۆژانە پێش ساڵی 2014 چوونەتە بواری جێبەجێکردن و هەندێکیان زیاتر %80  و هەندیكیشیان %50 کارەکانیان تەواو بووە، هەندێک لەو پڕۆژانەش رێژەی کارکردن تێیاندا کەمترە".

بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کرێچی و کەمدەرامەت دروست بکرێت. دەستەی وەبەرهێنان پێشتر ئاشکرا کردبوو کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پێشکەشکردنی داواکاری بە شێوەی ئۆنلاین بۆ وەرگرتنی یەکەکان دەستپێبکات.