ئێران.. هەشت سزادراو پەنجەیان دەبڕدرێتەوە

سزادراوەکان بە تاوانی دزیکردن دادگایی کراون
ئاڵای كۆماری ئیسلامی ئێران
ئاڵای كۆماری ئیسلامی ئێران

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی رێکخراوە ناحکومیەکان بڵاویانکردووەتەوە، هەشت سزدراوی ئێران پەنجەکانیان دەبڕدرێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری سەنتەری ئەبدۆڕەحمان بۆرومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوە کرد، سزادراوەکان لە بەندینخانەی گەورەی تاران چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو سزایەن کە بۆیان دەستنیشان کراوە.

سزادراوەکان بە تاوانی دزیکردن دادگایی کراون و سیان لەوان بە تایبەتی بۆ بڕینەوەی پەنجەیان لە زیندانی "ورمێ"ـوە بۆ تاران گواستراونەتەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، کاتێك ئامێرێکی هاوشێوەی سەرپەڕێنەر (میقسەڵە) بۆ بڕینی پەنجەکان لە بەندینخانەی تاران دروست دەکرێت، سزاکە جێبەجێ دەکرێت.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دەزگای میدیایی ئوستورالی ABC رایانگەیاند، "جێی نیگەرانیە کە "ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان" باس لەوە دەکەن ئامێرەکە ئێستا دروست کراوە و بەلایەنی کەمەوە یەکجار لە کلینیکێکدا تاقیکراوەتەوە".

ڕۆیا بۆرومەند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ABC لەو بارەیەوە گوتی: "جێبەجێکردنی سزایەکی وەها دڕندانە و نامرۆڤانە پێشێلکردنی پێوەرەکانی مرۆڤایەتی و ڕەوشتە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە و دەتوانێت کاردانەوەی بەپەلەی هەبێت بۆ وەستاندنی ئەم سزایە".

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سزای بڕینەوەی پەنجە بەپێی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران رێگەپێدراوە، بەڵام تا ئێستا بە دەگمەن سزاکە جێبەجێ کراوە.