وەزارەتی کارەبا: 50 مێگاوات کارەبای زیاتر لە پشکی خۆی بۆ سلێمانی دابینکراوە

گواستنەوەی کارەبا
گواستنەوەی کارەبا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کارەبا روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە تێستی خواستی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بلاوکردەوە و رایگەیاند، 50 مێگاوات کارەبای زیاتر لە پشکی خۆی بۆ سلێمانی دابینکراوە.

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، دوای ئەوەی لیژنەیەکی تایبەتمەند بە فەرمانی وەزاریی بۆ تێستی خواستی شارەکان بۆ کارەبا دامەزرا و بەشێوەیەکی پیشەیی و زانستی و دادپەروەرانە کارەکانی بە سەرکەووتوانە جێبەجێ کرد، دەرئەنجامەکەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت راگەیەنرا.

ئاماژە بەوەش دراوە، کە وەزارەت رەچاوی هەموو تێبینی و سەرنجەکانی کردووە لە جیاوازی پلەکانی گەرما و هەر حاڵەتێکی دیکەی هەبووبێت و دەرئەنجامەکەشی جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ خواستی پێشووی لێ نەکەوتووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، 50 مێگاوات کارەبا لەسەروو پشکی سلێمانی بۆ ئەو پارێزگایە دابینکراوە تاکو لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران یەکلا بکرێتەوە.

باس لەوەش کرا، بۆ پشکی کارەبای گەرمیانیش بە ڕەچاوکردنی بەرزی پلەکانی گەرمای ناوچەکە، لە 4,1% پشکیان لە تێستەکە کراوەتە 4,7%.