تورکیا ئاستەنگ بۆ سوید و فینلەندا دروست دەکات

وەرگرتنی سوید و فینلەندا لە لایەن ناتۆوە کاتی زیاتری دەوێت
ئاڵای فینلەندا - سوید - تورکیا
ئاڵای فینلەندا - سوید - تورکیا

K24 - ستۆکهۆڵم

 سوید و فینلەندا هیواداربوون، دوای چەند هەفتەیەک لە داواکارییەکەیان بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ، وەڵامی ئەرێنی لەلایەن ناتۆوە وەربگرن، بەڵام تورکیا تەگەرەی خستووەتە بەردەم پرۆسەکەیان و وەزیری دەرەوەی سویدیش نەیویست لەو رووەوە هیچ دەستپێشخەریەک بکات.

ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوید لەو باوەڕەدایە، کە گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبن، بەڵام نایەوێت رایبگەیەنێت دانووسانەکان لە چ ئاستێکدان و لە داهاتوودا چۆن دەبن.

وەزیری دەرەوەی سوید، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ''ئەوەی دەتوانم ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە، ئێمە هیوادارین بتوانین بگەینە ئەنجامێک کە هەموو لایەک دڵخۆش بکات، تەنانەت ئەگەر کاتێکی زۆریش بخایەنێت".

ئان لیندە، گوتیشی: "بوون بە ئەندامی سوید لە ناتۆ، هاوکار دەبێت بۆ دابین کردنی ئاسایشی هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و تورکیاش. ئەو کاتە تورکیا هەستدەکات، کە نیگەرانیەکەی بێ هۆکار بووە".

وەزیری دەرەوەی سوید دەربارەی یاسای نوێی تیرۆر، ئاماژەی بەوەکرد: "لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە یاسایەکی نوێ، کە ئێستا پێشنیازەکەی  دراوەتە پەرلەمان بۆ رێگریکردن لە تێرۆریزم، دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. حکومەتی سوید پلانی ئەوەی هەیە کە لە داهاتوودا یاساکان بۆ رێگری لە تێرۆریزم  توندتربکرێن".

لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئافتۆنبلادێدی رۆژانەی سوید، سەبارەت بەوەی، ئایا کێشەی تورکیا  و سوید لە  گەورەترین کۆبوونەوەی ناتۆ، کە لە کۆتایی ئەم مانگە لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، چارەسەر دەکرێت؟

ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید، رایگەیاند: "پاش تەواوبوونی ئەو کۆبوونەوەیەش، دەبێت هەموو وڵاتانی  ئەندام لە ناتۆ لە ناو پەرلەمانی وڵاتانی خۆیان  بڕیار بۆ بوون بە ئەندامی سوید و فینلەندا بدەن، کە ئەمەش ئەگەری ئەوەی هەیە کاتێکی زۆر بخایەنێت".

ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید - ئەرشیف
ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید - ئەرشیف