دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری ناردنی په‌نابه‌رانی بۆ رواندا یه‌كلا كرده‌وه‌

بڕیاره‌ لە فڕۆکەی یەکەمدا 30 پەنابەر بۆ رواندا بگوازرێنەوە
گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران.. ئه‌رشیڤ
گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری دا، دەکرێت گەشتەکەی ھەفتەی داھاتوو بۆ ناردنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتی رواندا ئەنجام بدرێت.

دادگای بەریتانیا داوایەکی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤی رەتکردەوە، کە بۆ رێگری لە گەشتێکی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی پەنابەران، پێشکەشی دادگا کرابوو.

چالاکوانان بەرگریی لەوە دەکەن، پلانەکەی حکومەت سەلامەت نییە و وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەم سیاسەتەی پەیڕەوی دەکەن رێگری لە خەڵک دەکات واز لە گەشتی مەترسیداری بە رێگەی کەشتی بھێنن.

بەرپرسان باس لەوەش دەکەن کە ئەم پلانە لە بەرژەوەندی گشتی دایە و نابێت رابگیرێت. پلانی ئەوە ھەیە لە فڕۆکەی یەکەمدا، کە رۆژی سێشەممە داهاتوو ئەنجام دەدرێت، 30 پەنابەر بگوازرێتەوە.

بەمەبەستی ناردنی پەنابەر و کۆچبەری نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا، ھەردوو وڵاتی بەریتانیا و رواندا لە 14ی نیساندا رێککەوتنی ھاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابوورییان واژوو کردبوو.